Shwan Attoof

Shwan Attoof Instagram – ژینا گیان… چۆنی
ئەمەوێت کەمێک قسەت لەگەڵ بکەم
لەم بەرەبەیانی پایزەدا
نیازمە لەگەڵ ئەو زەردەخەنەیەت
تۆزێ بگریم و
ئازار و دەردی کوردبوون
لەم سنگەما
وەک سووتانی ڕووسەری هاوڕێیانت فڕێ دەم و دەرکەم

ژینا گیان
کە ئێستا تۆ لە ژێر خاکی و پێ ئەکەنی
دیسانەوە حەقیقەتە تاڵەکەت
لەناو چاڵی ڕۆحی هەموومانا هەڵکەنی
حەقیقەتی ئەوەی
تۆ تەنها دەستی پیسی گەشتی مەرگ نەیکوشتی
تۆ تەنها ئۆتوبوسی بۆگەنی ئیرشاد نەیبردی

ژینا گیان… گوێم لێبگرە
ئەی کوردی پاک… ئەی هاوخاکم
ئەی لە خوێنم… بێ دەوڵەتم
ئەوەی کوشتتی… ئەوەی بردتی
ئاڵای سەرتە نەک ڕووسەریت
ئاڵاکەتە وا لە مەهاباد دزراوە
شێرەکەتە لە ئیمراڵی خنکێنراوە
سازەکەتە کە لە ئامەد تاڵ بە تاڵی قرتێنراوە
تەرمەکانتن کە لەم سەحرای جنوب بۆ سەگەکان وەک خوانی شا
بۆ شێخەکان دانراوە
ئەوە سیاسەتی بێ ڕەوشتی دەوڵەتانە

ژینا گیان
ئەوە دەمی پڕ پەتڕۆڵی بێدەنگی ئەوانە

ژینا گیان گوێم لێبگرە و ئەو زەردەخەنەیەت لانەبەیت
باش بزانە
ئەوەی کوشتتی ئەوەی بردتی
هەر ئەویش خاڵە عومەری لە هەڵەبجە کوشت
میمکە مینای ئەنفال کرد
هەر ئەویش بوو ئایلانی کرد بە خۆراکی شەپۆلان
ئا… هەر ئەویش بوو شاخەکانی قەندیلی سووتان

گوێم لێبگرە… تۆ پێ بکەنە
دڵم پڕە… وەلێ تۆ زەردەخەنەکەت لانەبەی
ئەوەی کوشتتی… ئەوەی بردتی
هەر ئەو بوو پشتی مناڵەکەمانی لە سەرێکانی ڕووشان
هەر ئەو بوو باخی زەیتوونەکانی عەفرینی تاڵان کرد و
هەر ئەویش بوو کەرکووکی کردە گۆڕەپان
تۆ زەردەخەنەکەت لەدەست نەیەیت
تۆ لاینەبەیت ژینا گیان
تۆ تەنها نیت
خۆت هەموویانت بینی بەو کێوەوە… کۆڵبەرەکان!
خۆت هەموویت بینی دارستانی سێدارەکان!
خۆت بۆ هەموویان گریایت، ساز و تار و گیتار و شیعر و کتێب و گوڵدان

ژینا گیان… ئاگات لەو زەردەخەنەیەت بێت و لاینەبەی
با من بگریم… تۆ ئارام بە
ئەوەی بردتی… ئەوەی کوشتتی
هەر ئەو بوو گۆرانیەکانی ماریای خنکان
دوعای بەڕۆژی نیوەڕۆ کردە کەلاک
هەر ئەویشە ڕەجمی ئەکات ئازادیمان

ژینا گیان… گوێم لێبگرە
بەس زەردەخەنەکەت ون نەکەی
خۆت ئەزانی.. حوکمە.. حوکمی قەرەقۆزەکانی زەمان
هەموو ساڵێک ئەبێ کوردێک ببێتە
ئەفسانەی قوربانی هەموو جیهان
بەس تۆ زەردەخەنەکەت لانەبەیت
با هێندەی تر بە قوڕ نەگیڕی ئاسمان
ژینا گیان
ژینا گیان

شوان عەتوف | Posted on 21/Sep/2022 16:21:42

Shwan Attoof
Shwan Attoof

Check out the latest gallery of Shwan Attoof